Home

هۆكارى ئەوە چييە كە مامۆستا سەعيدى نوورسى لە هەموو كەسێك زياتر، سەرزەنشتى نەفسى خۆى دەكات؟

يەكەم شت كە مرۆڤ دەبێت كارى لەسەر بكات نەفسى خۆيەتى. مامۆستامان دەفەرموێت: "هەرکەسێ نەفسى خۆى بۆ چار نەکرێت، دیارە هى خەڵکى ترى هەرگیز پێ چار ناکرێت!". بە پشت بەستن بەم دەستوورە، هەر كەسێك بە مەبەستى چاكسازى و دوورخستنەوەى كەسانى تر لە گوناهـ و تاوان دەست بداتە بانگەوازێكى حەق و ڕاستى، يەكەم مەرج ئەوەيە كە لە پێشدا خۆى چاك بكات.

لەبەر ئەوەش كە "زمانى حاڵ لە زمانى وتن كاريگەريى بەهێزترى هەيە"، ئەوا پێويستە مرۆڤ پێش هەر شتێكى تر لە جيهانە تايبەتەكەى خۆيدا موسڵمانانە بژى، ببێت بە مرۆڤێكى نموونەيى و پێشەنگ. گەر لەمەدا سەركەوتوو بوو، ئەوا ئەتوانێت بە بانگەواز و ئاگاداركردنەوە هەوڵى باشتر كردنى كەسانى تريش بدات.

مامۆستا نوورسى بە ئاراستەكردنى وتەكانى بۆ نەفسى خۆى وەك لە زۆربەى پەيامەكانىدا دەبينرێت، ئەوە پيشانى ئێمەى خوێنەرى دەدات كە دەبێت بەر لەوەى پەيامەكانى نوور بۆ كەسانى تر باس بكەين و شى بكەينەوە، يەكەم جار هەوڵ بدەين چاكسازيى لە نەفسماندا، پاكسازيى لە دڵماندا، كار لەسەر بەرەوپێشبردنى ئاستى زانيارييمان بكەين، نەك بە پێچەوانەوە.

ئەم جۆرە تەكنيكەى كە باس كرا، لەوانەيە لايەنێكى ترى بەم شێوەيە بێت: مرۆڤ بە سروشت لەو ئامۆژگارييانە بێزار دەبێت كە ڕاستەوخۆ ئاراستەى دەكرێت. بەڵام گەر هەمان ئەو ئامۆژگارييە لە چيرۆكێكى تەمسيليدا ببيستێت، ياخود لە كەنارێكەوە نووسينەكانى نووسەرێك بخوێنێتەوە كە ئامۆژگارييەكانى ئاراستەى نەفسى خۆى كردووە، ڕێژەى كاريگەريى ئەو ئامۆژگارييانە زياتر ئەبن لەسەر ئەو مرۆڤە. لەم سەردەمەدا ئەم ڕێگايە زۆر بەسوودە و، پێويستيشە بۆ ئەو كەسانەى كە ئەنانيەتيان لە پلەيەكى بەرزدايە.