Home

لە "وتەى يەكەم"دا دەوترێت: "بسم الله… سەرەتاى هەموو کارێکى خێر و گرنگە." كات هەيە ئەو كارەى كە بە وتنى "بسم الله" دەستمان پێ كردووە، لە دەرەنجامدا خێر و چاكەى لێ نابينرێت، چۆن ئەتوانن ئەم حاڵەتە ڕوون بكەنەوە؟

مەبەست لە وتنى "بسم الله… سەرەتاى هەموو کارێکى خێر و گرنگە." لە وتەى يەكەمدا ئەوەيە كە هەميشە دەبێت كارى چاكە بكەين و بە وتنى "بسم الله" دەست بكەين بەو كارە چاكانە، وەك ئاشكرايە كەس بە وتنى "بسم الله" دەست ناكات بە كارێكى خراپ، چونكە وتنى "بسم الله" لە دەستپێكى كارێكى دزێوى وەك (دزى، درۆ، غەيبەت) بە تاوانێكى تر ئەژمار دەكرێت.

ئەو كەسەى كە بە وتنى "بسم الله" دەست دەكات بە كارێك، لەسەر ڕێگايەكى خێرە و ئەو كارانەشى كە لە بازنەى كارى ڕێ پێدراودا دەكات هەروەك چۆن لە وتەى چوارەمدا ئاماژەى پێ دراوە "بەهۆى نیازى پاک و خاوێنەوە، هەموو کار و کۆششێکى حەڵاڵى بۆ دەبێت بە پەرستش و، بە عیبادەت بۆى دەنووسرێت." ئەمە لە خۆيدا دەستكەوت و بەخشايشێكە.

پرسيارەكەى ئێوە پەيوەنديدارە بە دەرەنجامى دنيايى ئەو كارەى كە كراوە. ئێمە وەك مرۆڤ ناتوانين بزانين كە ئايا دەرەنجامى ئەو كارە بۆ ئێمە خێرە ياخود نا؟ بەڵام ئەو كارانەى كە بە وتنى "بسم الله" دەستيان پێ دەكرێت و كارێكى چاكە و خێرن زۆر بە دڵنيايەوە دەرەنجامى باشيان بۆ ئێمە دەبێت.