Home

سەعیدى نوورسى (١٨٧٦-١٩٦٠) لە هەڵکەوتوویەکى کوردستانەوە بۆ کەسایەتییەکى جیهانى - فارووق رەسووڵ يەحيا

سەعیدى نوورسى (١٨٧٦-١٩٦٠) لە هەڵکەوتوویەکى کوردستانەوە بۆ کەسایەتییەکى جیهانى

نووسينى: فارووق ڕەسووڵ یەحیا
وەرگێڕى سەرجەمى پەیامەکانى نوور بۆ زمانى کوردى

لەم ساڵانەى دواییدا میدیاکانى کوردستانى خۆمان ئاوڕدانەوەیەکى لەسەرخۆیان پێوە دەبینرێت بۆ لاى ژیان و بەرهەم و خەباتى زاناى گەورەى کوردستانى باکوور مامۆستا (سەعیدى نوورسى) ناسراو بە (بەدیعوزەمان)..
ئەمەش – لە ڕاستیدا - یەکێک بووە لە ئاواتەکانم، هەر لە سەرەتاى ساڵەکانى هەشتاى سەدەى پێشوو کە دەستم دایە وەرگێڕانى سەرجەمى بەرهەمەکانى ئەو زانایە بۆ زمانى کوردى و، دواتر بڵاوکردنەوەیان لە بەهارى ساڵى 1984ز یەوە هەتا ئێستاش کە بە پشتیوانیى پەروەردگار سەد و پازدە بەرهەمى ئەو زانایەمان لە کۆى سەد و سى و سێ بەرهەم کردە کوردى و، بەشى هەرە زۆریمان بڵاوکردەوە.
ئاوڕدانەوەى میدیاى کوردیى ئەم بەشەى کوردستان لەم کەسایەتیە مەزنەى کورد، لە ڕووى زەمەنەوە تا ڕادەیەک بە درەنگ دادەنرێت لەچاو شوێنانى تر کە بە ڕواڵەت هیچ هۆکارێک نىیە لەگەڵ "نوورسى"دا کۆیان بکاتەوە، مەگەر پەیوەندییەکانى ئایین و هزر و زانست، کە دەکرا لاى خۆیشمان وێڕاى پەیوەندیى "کوردبوون" هەمان ئەو پەیوەندییە ناوبراوانەش ببوونایەتە فاکتەرێک بۆ ناسین و ناساندنى نوورسى بۆ خوێنەرانى وڵاتى خۆمان، لە پێش شوێنەکانى دیکەى جیهاندا.
* * *
لە ڕاستیدا هەرکات بمانەوێت بە مەبەستى لێدوانى ئەکادیمیانە لەسەر نوورسى و بڕینى قۆناغە فیکرییەکانى تەمەنى بدوێین، کە جێدەستیان لەسەر هەڵوێستەکانى ژیانى و بەرهەمەکانى ئەو بەجێ هێشتووە، ئەوا پێویست بە گەڕانەوەى توێژەر دەکات بۆ ئەو دابەشکردنە بابەتییەى کە نوورسى بۆ ژیانى خۆى دایناوە و، ناوى قۆناغى (سەعیدى کۆن) و قۆناغى (سەعیدى نوێ)ى لێ ناوە.
بەڵام ئەگەر لە ڕوویەکى ترەوە بمانەوێت لەو هەل و مەرجانە تێبگەین کە "نوورسى"یان لە کەسێکى هەڵکەوتووى ناوچەیەکى کوردستانەوە گەیاندە ئاستێکى جیهانى، ئەوا سێ قۆناغى دانەبڕاو لە یەکتر بۆ ژیانى نوورسى و ڕەنگدانەوەى تایبەتمەندیى هەریەک لەو قۆناغانە لەسەر بەرهەمەکانى، بەدى دەکەین.
* * *
(یەکەمینى ئەو قۆناغانە) ناوبانگ دەرکردنى نوورسییە وەک کەسێکى بلیمەت و زیرەک و خاوەن ئازایەتى و دڵسۆزیى لە ڕادەبەدەر، لەناو خێڵەکانى کوردستانى باکوور و ناوەندە ئایینى و زانستىیەکانى ئەوێ، لە ساڵەکانى کۆتایى سەدەى نۆزدەهەم و سەرەتاى سەدەى بیستەمدا.
خەباتى هێمنانەى نوورسى لەم قۆناغەدا تایبەت بووە بە هەوڵدان بۆ پێشخستنى نەتەوەکەى لە ڕووى هزر و ڕۆشنبیرى و زانستەوە، چونکە پێشخستنى ئەم لایەنە کۆمەڵایەتییەى بە فاکتەرێکى گرنگ زانیوە بۆ چاوکردنەوەى گەلى کورد، تاکو لەم ڕێیەوە کۆتایى بە کێشە ناوخۆییەکان بهێنرێت و یەکڕیزیى میللەت دروست ببێت، وەک سەرەتایەکى پێویست بۆ پێشکەوتنى کورد لە سەرجەم بوارەکاندا، شان بە شانى نەتەوەکانى تر..
هەر لەم پێناوەدا ڕۆشتووەتە ئەستەمبووڵ و چاوى بە کەسانى بەرپرس کەوتووە و، داواى دامەزراندنى قوتابخانەى کوردى و زانکۆى لە ناوچە جیاجیاکانى کوردستاندا کردووە و، بابەت و داواکارییەکانى لە ڕۆژنامەکانى ئەوێدا بڵاو کردووەتەوە. لەسەر ئەم هەڵوێستەشى ڕووبەڕووى گەلـێ دەردیسەرى و گرتن و دادگایى بووەتەوە.
پێشتر چەردەیەکم لەسەر ئەم چەشنە خەباتەى نوورسى لەم قۆناغەى یەکەمى ژیانیدا بۆ خزمەت بە کوردستان، بە شێوەیەکى دوور و درێژتر لە گۆڤارى (ژین)دا بڵاو کردووەتەوە(1).
__________________________________
(1) بڕوانە گۆڤارى "ژین" ژمارە "2" ئەیلوولى ساڵى 2010 کە بڵاوکراوەى (بنکەى ژین)ە بۆ ژیاندنەوەى کەلەپوورى بەڵگەنامەیى و ڕۆژنامەوانیى کوردى.


* * *

(دووهەمینى ئەو سێ قۆناغە) بریتییە لە بڵاوبوونەوەى ناوبانگى نوورسى لە سەرتاسەرى وڵاتى تورکیادا.
سەرەتاى ئەم قۆناغە، بە شێوەیەکى سروشتى، تێهەڵکێشە لەگەڵ کۆتایى قۆناغى پێشوودا..
ئەوەبوو کاتێ کە بە نیازى خزمەت بە زانست لە کوردستاندا ڕۆشتە ئەستەمبووڵ، لەوێ پتر چاوى بەسەر دەوروبەردا کرایەوە، چونکە لە لایەکەوە هەستى بە مەودایەکى گەورە دەکرد لە نێوان بارى دواکەوتووى کوردستان و ئاستى پێشکەوتووى ئەو دەمەى ئەستەمبووڵدا، هەروەک لە لایەکى دیکەشەوە، وەک کەسێکى هەڵسەنگێنەرى ناخبین، لایەنە سەلبییەکانى ئەو شارستانێتییەى بۆ دەرکەوت. دەرەنجامى تێبینییەکانى گەیاندیە ئەوەى کە بوارى چاکسازیى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى گەلـێ بەرینترە لەوەى کە پێشتر وێناى کردبوو. تەنانەت بۆ خۆى دەڵێت:
(من بەو نیازە هاتم بۆ ئەستەمبووڵ کە چارەسەرى دەردەکانى کوردستان بکەم، کەچى بینیم ئەستەمبووڵ خۆیشى پێویستى بە چارەسەر کردن هەیە)!
لە ماوەى مانەوەیدا لە ئەستەمبووڵ پەیوەندیى لەگەڵ کەسایەتییە کوردەکانى ئەوێ و ڕووناکبیرانى عوسمانیدا بۆ دروست بوو، هەروەک پەیوەندیى بە چەند کۆمەڵەیەکەوە کرد، یەکێک لەوانە (کۆمەڵەى تەعاون و تەرەقیى کورد) بوو کە چەند وتارێکى لە ڕۆژنامەکەیدا بڵاو کردەوە. هەر لەو ماوەیەدا بوو کە سیستەمى پەرلەمانى (مەشرووتییەت) لە دەوڵەتى عوسمانیدا ڕاگەیەنرا و، پاشان سوڵتان عەبدولحەمید لەسەر کار لابرا، کە ئەمانەش دوو ڕووداوى گرنگ بوون لە سەرەتاى سەدەى بیستەمدا و، گەلێ ڕووداوى ترى ناوخۆ و جیهانییان بەدوادا هات کە نوورسى لە ناوجەرگەیاندا دەژیا. یەکێک لەوانە جەنگى یەکەمى جیهانى بوو کە دواى گەڕانەوەى بۆ کوردستان ناچار بوو لەگەڵ میللەت و قوتابیانیدا بەرگرى لە شارەکانى کوردستان بکەن لە بەردەم لافاوى ڕووس و ئەرمەندا. هەر لەم بەرگرییەشدا و لە شارى بەدلیس بە بریندارى دیل کرا.
ڕووداوە سەختەکانى جەنگ و، دوو ساڵ و نیو ژیانى دیلى و نامۆیى لە ڕووسیا، پاشان دەربازبوون و گەڕانەوەى بۆ وڵات، ئنجا جەنگەکانى دواتر بۆ وەدەرنانى سوپاى یۆنان و ئینگلیز و، پاشتر نەمانى دەوڵەتى عوسمانى و دامەزراندنى دەوڵەتى تورکیا و، داڕشتنەوەى نوێى نەخشەى ناوچەکە لە لایەن دەوڵەتە سەرکەوتووەکانى جەنگى جیهانى و، ئاڵوگۆڕە مەزنەکانى تر کە بە چاوى خۆى هەموویانى دیوە و تیایاندا ژیاوە.. هەموو ئەمانە، بۆ کەسایەتییەکى هەڵکەوتووى زیرەک و خاوەن پەیامى وەکو نوورسى لە ڕاستیدا هۆکارێکى گونجاو بوون بۆ تێگەیشتنى زیاتر لە زنجیرەى ڕووداوەکانى جیهان و، هەستکردنى بە پەنجەى هەڵسووڕێنەرانى ئەو ڕووداوانە، تەنانەت پەیبردنى بەو ئاکامانەش کە مرۆڤایەتیى بۆ ئاراستە دەکرا..
نوورسى لە تاوتوێکردنى هەموو ئەمانەوە زانیى کە ئەو پەیامى چاکسازییە کۆمەڵایەتییەى باوەڕى پێیەتى تایبەت نییە تەنها بە کوردستانەوە کە دەوڵەتە سەرکەوتووەکان پارچە پارچەیان کردووە، بەڵکو سەرانسەرى تورکیا، بگرە سەرجەمى موسڵمانانى جیهان، تەنانەت گرۆى مرۆڤایەتیش پێویستى پێیەتى.
بە چاوى خۆى دەیبینى کە هاوکات لەگەڵ پێشکەوتنى زانستى و پیشەسازیدا، بەربوونەوەیەکى سامناک بەرەو نزماییەکان ڕوودەدات لە سەرجەم بەها ڕەوشتى و مرۆیى و کۆمەڵایەتى و ڕامیارى و ئاینییەکاندا، کە ئەوەش سەرەتایەکى ڕێخۆشکەرە بۆ داڕمانى شارستانى و، داماڵینى ئادەمیزاد لەو بەهایانەى کە بە هۆیانەوە لە بوونەوەرانى تر جیابووەتەوە و تایبەتمەندیى بۆ دروست بووە.
ئنجا دواى خوێندنەوە و تێبینییەکانى لەسەر دیاردە و ڕووداوەکان و، خەم هەڵگرتنى بۆ چارەسەر کردنى ئەو داڕمانە سەرانسەرییەى کە پێویست بە سەدان هۆکارى بنیاتنەر دەکات تاکو بتوانرێت بەربەستێک بۆ ئەو لافاوە دابنرێت، بڕیارى دا ئەرکى ئەو بەرەنگارییە دژوارە بگرێتە ئەستۆ، بەڵام بەو ڕێبازە لەسەرخۆ و هێمنانەى نوورسى کە خۆى لە قەرەى کارى سەلبى نادات و لە بەرامبەر خراپەدا چاکە پێشکەش دەکات.
لەم ڕەهەندەوە دەستى دایە نووسینى زنجیرە نامیلکە و کتێبێکى پەروەردەیى ئەوتۆ کە بتوانن ڕۆڵى گرنگ ببینن لە ڕزگار کردنى خەڵکى لە نەزانى و، بنیاتنانەوەى سەر لەنوێى کەسایەتى و بیر و ژیریى تاکەکان بە شێوەیەکى ئیجابى تا دەگاتە چاکسازیى هەمە لایەنەى کۆمەڵگا. تەوەرەى بنەڕەتیى ئەم پەیامانەش بریتىیە لە (ئیمان) لەو ڕوانگەیەوە کە ئیمان سەرچاوەى هەموو کەماڵ و جوانى و چاکەیەکە، ئەگەر مرۆڤەکان بە ڕاستى و دروستى لێى تێبگەن و لە ژیانى خۆیاندا ڕێنماییەکانى پیادە بکەن.
بڵاوکردنەوەى ئەو ڕێنماییانە لە سەرەتادا بە جۆرێکى سەیر و ناوازە بوو، چونکە لەبەر ئەوەى هەموو ڕێگا ئاساییەکانى بڵاوکردنەوەى لێ داخرابوو، ئەوا بە ناچارى پەناى بردە بەر هۆکارێکى سەرەتایى کە نووسینەوە و بڵاوکردنەوەیان بوو بە شێوەى دەستى! هەر لەم ڕێیەوە دەیان هەزار نوسخەى نووسینەکانى کە ناوى (پەیامەکانى نوور)ى لێ ناون لە سەرتاسەرى وڵاتدا لە لایەن قوتابیان و دۆستان و دڵسۆزانیەوە بڵاوبوونەوە.
ئنجا هێندەى نەخایاند کە جێدەست و کاریگەریى ئەو پەیامانە لە چاکسازیى کۆمەڵایەتى و بنیاتنانەوەى ڕەوشت و ئاکارە بەرزەکاندا بۆ دوور و نزیک، دۆست و دوژمنانى دەرکەوت..
ئیتر ناحەزانى ئەو دیاردە ئیجابیانە کاتێ کە نەیانتوانى لە ڕێى بەڵگە و مەنتیقەوە بەرەنگارى ئەو پەیامانە ببنەوە، بە تەواوى ئۆقرەیان لـێ بڕا و، هاتن دام و دەزگاکانى (داد)یان کرد بە گژى نوورسى و قوتابیانیدا. هەر لەم ڕێیەوە زنجیرەیەکى گرتن و دادگایى دژوار هاتە ڕێیان کە چەند ساڵێکى خایاند.
مامۆستا سەعیدى نوورسى لە هەموو ئەو دادگایانەدا بەرگریى مەردانەى لە خۆى و قوتابیانى و پەیامەکانى دەکرد و، ڕوونى دەکردەوە کە ئەرکى ئەمان بنیاتنانەوەى ئەو لایەنانەیە کە دەستە خراپکارەکان کارى ڕووخاندنیان تێدا ئەنجام داوە و، لە ڕاستى و ناوەرۆکدا کارەکەیان خزمەت بە ئاسایش و یاسا و بڵاوبوونەوەى سەقامگیرى دەکات و، وڵات لە هەڕەشەکانى دێوەزمەى تۆقاندن و داڕمان دەپارێزێت.
خۆ هەرچەندە زنجیرەى ئەو گرتن و دادگاییانە ساڵانێک بەردەوام بوو، بەڵام لەبەر نەبوونى هیچ تاوانێکى ڕاستەقینە و دەرکەوتنى بێ بناغەیى تۆمەتەکان، خۆشبەختانە هەموو جارێ دادگاکان بڕیارى بێ تاوانیى بۆ دەردەکردن. تا لە ئەنجامدا "دادگاى گەورەى سزا"ى شارى ئافیوون لە ساڵى 1948زدا ویستى کۆتایى بەو تۆمەتە گاڵتەجار ئامێزانە بهێنێت کە بە خۆڕایى دادگایان پێوە سەرقالڕ دەکرا، بۆیە لیژنەیەکى باڵاى لە زانایانى پسپۆڕییە جۆراوجۆرەکان پێکهێنا بۆ وردبوونەوە لە بەرهەمەکانى نوورسى. ساڵى 1956ز ئەو لیژنەیە دەرەنجامى کارەکەیان کردە ڕاپۆرتێک بۆ دادگا، کە ناوەرۆکەکەى بریتى بوو لە دووریى نوورسى و پەیامەکانى لەو تۆمەتانە و، لە هەر ئامانجێکى سیاسى یان شتێکى نایاسایى، بۆیە دادگا بریارى ئازادیى نوورسى و بڵاوبوونەوەى کتێبەکانى دەرکرد.
ئیتر لەو بەروارە بەدواوە کاتەکانى بە سەرپەرشتیى چاپکردنى بەرهەمەکانى و بڵاوکردنەوەیان بەسەر دەبرد، هەتا لە سەرەتاى بەهارى ساڵى 1960ز کۆچى دوایى کرد، خوا لێى خۆش بێت.
ئەمە پوختەیەکە لە قۆناغى دووهەمى ژیانى نوورسى کە ناوبانگى گەیشتە هەموو شوێنێکى سەرانسەرى وڵاتى تورکیا و، لە هەموو شار و شارۆچکە و گوندەکانیدا نووسینەکانى بڵاوبوونەوە.

* * *
(قۆناغى سێهەم)یش بە هەمان جۆر تێهەڵکێشە لەگەڵ کۆتاییەکانى قۆناغى دووهەمدا..
ئەم قۆناغە بریتییە لە گەیشتنى ناوبانگى نوورسى بە ئاستێکى جیهانى، کە لەو ساتە وەختانەى ژیانیەوە دەست پێدەکات و، هەتا ئێستا و دواى پەنجا و یەک ساڵیش لە وەفاتى هەر بەردەوامە.
دەبینین لە ساڵەکانى کۆتایى تەمەنیدا هەوڵى وەرگێڕانى پەیامەکانى داوە بۆ زمانى عەرەبى و، ناردنى بەشێکیان بۆ دەرەوەى وڵات، وەک زانکۆى ئەزهەر لە میسر و، بڵاوکردنەوەیان لە شام و عێراق و پاکستاندا. هەروەها ناردنى هەندێکیان بۆ پاپاى فاتیکان. هەروەک لە دوا مانگەکانى تەمەنیدا ڕۆژنامەى (تایمس)ى لەندەنى دیدارێکى ڕۆژنامەوانیى لەگەڵدا ساز کرد و لە بەروارى 6/1/1960زدا بڵاوکرایەوە.
ئنجا دواى وەفاتیشى قوتابیە دڵسۆزەکانى لە ڕێى وەرگێڕانى بەرهەمەکانیەوە بۆ زمانە جیاجیاکان، توانییان مامۆستا نوورسى بە زانکۆکانى جیهان و زانایان و بیرمەندانى دنیا بناسێنن. ئیتر نوورسى و پەیامەکانى لەم ڕێیەوە سەرسووڕمان و قەدرزانیى ئەو کەسایەتى و دام و دەزگا فەرهەنگى و زانستییانەى جیهانیان بەدەست هێنا.
هەر ئەمەش فاکتەرێکى ڕێ خۆشکەر بوو بۆ سازدانى سیمپۆزیەم و کۆنفرانس و سیمینارە جیهانییەکان لەسەر نوورسى، نەک تەنها لە وڵاتى تورکیا بەڵکو لە چەندین وڵاتى ترى جیهانیشدا.
ئەو باس و توێژینەوانەى کە لەو کۆنفرانسە جیهانیانەدا پێشکەش کراون، ڕادەى پەرۆشیى بیریاران و چاکسازانى جیهان و، باوەش کردنەوەیان بۆ پێشنیارە فیکرییەکانى نوورسى، دەردەخەن.

* * *
لە کۆتاییدا پێخۆشحاڵیم دووپات دەکەمەوە بۆ بەسەرکردنەوەى مامۆستا سەعیدى نوورسى لە لایەن میدیاکانى لەمەڕ خۆمان، بەو هیوایەى کە تامەزرۆیانى ئەو جۆرە بابەتانە بۆیان بڕەخسێت بەشە سوودى خۆیان لە بەسەرهاتەکانى ژیانى نوورسى و بەرهەمەکانى وەربگرن.

فارووق ڕەسووڵ یەحیا
سلێمانى: 6/5/2011

تێبینى: ئەم وتارە لە ڕۆژنامەى کوردستانى نوێ ژمارە 5554 پاشکۆى (کاکێشان) ژمارە 49 لە بەروارى چوار شەممە 10/8/2011دا بڵاوکرایەوە.